← Back to list

مەرکەزی یان لامەرکەزی؟

مەرکەزی یان لامەرکەزی؟ لە وجودی دزییدا، مەرکەزی و لامەرکەزی هەر یەک شتە. هەرێمی فیدراڵ و دەوڵەتی سەربەخۆ هەر یەک شتە. هەڵەبجە قەزابێ یان…

نووسەری باش · 2020-05-01 14:53 · 0 claps · 1.8 min read
#kurdi #paikar-osman #iraqi-kurdistan #corruption #freedom
Open on Medium ↗

مەرکەزی یان لامەرکەزی؟

مەرکەزی یان لامەرکەزی؟ لە وجودی دزییدا، مەرکەزی و لامەرکەزی هەر یەک شتە. هەرێمی فیدراڵ و دەوڵەتی سەربەخۆ هەر یەک شتە. هەڵەبجە قەزابێ یان پارێزگا هەر یەک شتە. کەرکوکمان هەبێ و نەبێ هەر یەک شتە. نەوت بەرزبێ و نزمبێ هەر یەک شتە. دوو ئیدارەو یەک ئیدارە هەر یەک شتە. موعارەزە هەبێ و نەبێ هەر یەک شتە. پەرلەمان کراوەبێ و داخراوبێ هەر یەک شتە.. پرسیارەکەش ئەوەنیە دەوڵەت بین یان هەرێم، فیدرالی بین یان کۆنفیدرالی، مەرکەزیی بین یان لامەرکەزیی، پەرلەمانیی بین یان سەرۆکایەتی، یەکڕیزبین یان پەرت.. پرسیاری یەکەم و ئەساس، ئەوەیە کە دزبین یان دزنەبین؟! چونکە کێشەی یەکەم و ئەساسی ئێمە، تەنیا دزییە نەک شتێکی تر. یەعنی ئەو شتەی کە لەناوەڕۆکدا یەکە، لەناودا ناتوانێ شتێکی جیاوازبێ. ئەوەی کە لە جەوهەردا یەکە، لە قەپاغدا ناتوانێ شتێکی تر بێت. جەوهەرو ناوکی سیاسەتی ئێمەش دزییەو لێرەشەوە حیزبی جیاو فکری جیاو ئیدارەی جیاو دەوڵەتی جیا.. هیچی جیانیەو هەمووی هەر دزییە، بەڵام لە فۆڕمی جیادا. ئینجا مەردزی و لامەردزی، هیچ مانایەکی نیە، لەو ڕێگەیەوە تەنیا ئەمەوێ بڵێم، مەرکەزی و لامەرکەزیش هەر وا بێمانایە لە وجودی دزیدا.

کوردایەتی یان عێراقچێتی؟ وەکچۆن تیرۆر دینی نیە، “الارهاب لا دین لە”. دزییش ئایدۆلۆژیای نیەو کێشەی ئێمەش کوردایەتی و عێراقچێتی و “ییزم و یست” و چەپ و ڕاست نیە. ئەو دزەی بە ئایدۆلۆژیای “س” دزیت لێئەکا، بە ئایدۆلۆژیای “ص”یش ئەیکاو بۆ ئەو هیچ فەرقی نیە. دەی بۆ ئێمەش نابێ فەرقی هەبێ و ئەبێ کێشەمان لەگەڵ دزیی خۆیدا هەبێت، نەک لەگەڵ پێناسەو ناوە جیاجیاکانی دزییدا. باکە لە هەرکوێوە بێت، شەنی دز هەر دزییە. کێشەی ئێمەش ئەبێ لەگەڵ شەنەکەبێت نەک لەگەڵ باکان.

نان یان ئازادی؟ دزەکە تەنیا نانەکە نابات، بەڵکو لەوێوە ئەشتکا بە کۆیلەی نان. بەڵام پرسی ئازادیی ناوەکییەو تۆ ئەگەر لەناو خۆتدا ئازادبیت، نان و شەق و هیچ شتێکی دەرەوە، ناتوانێ دیلت بکات. سەیرکە ئەوان نانەکەشت نادەنێ و تۆ هەر خەریکی شەڕەکانی ئەوانیت! ڕۆژێ مەسەلەی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی، ڕۆژێ زینی وەرتێ و ڕۆژێک موستەفای سەلیمی و ڕۆژێک لیبیاو ڕۆژێکیش مەرکەزی و لامەرکەزی.. وەک ئەڵێن “سەری گا هەر دۆڵە”و سەری ئێمەش هەر ڕۆژەی لە شتێکدا ئەچێتەوە ناو هەمان دۆڵ. بۆچی؟ چونکە مەسەلەکە لە نان قووڵترەو تۆ لەناوەوە کۆیلەی ئەوانیت نەک لە نان و شتەکانی دەرەوەدا. خۆ هەر یەک لەو شتانە، ئەشێ پرسێکی گرنگ و شایەنی قسەو لەسەر وەستانبێ، بەڵام شتەکە “خۆی لەخۆیدا” نەک لە شەڕو ئەجندا نزمەکانی ئەمو ئەودا.

لاهور یان مەسرور؟ سەیرکە، هەڵبژاردن لەنێوان دوو شتی جیادا ئەکرێ، “هەمان شت” نێوانی نیە، تا لەو نێوانەدا یەکێکیان هەڵبژێریت. هەمان شت یەکێکەو بە “یان”ێکی ناوەڕاست و نیشانەیەکی پرسیاری کۆتایی، نابێ بە دوو شت! دواتر هەموو یارییەکە هەر بۆ ئەوەیە کە بتخەنە ئەو دووڕیانەوە. دەی مەچۆ، چونکە “ئیختیاری دووانیی” ئیختیارنیەو خودی جەبرە! “ئیختیار” هەر ئەوەیە کە نەخرابیتە دووڕیانێکەوە. “ئازادی هەڵبژاردن” هەر ئەوەیە کە ئەگەر کراوەبێ و قەتیس نەکرابێ لە دوو ئەگەردا. جەهلیش هەر ئەوەیە کە جەبری دووخیارییت لێببێ بە ئازادی. هۆشیارییش هەر ئەوەیە کە بە دوعای دووڕیان نەڵێ ی ئامین و دوو نوسخەی هەمان شتیشت لێنەبێ بە دوو شتی جیا.

نووسەر: پەیکار عوسمان

[embed]


메타데이터
post_id
e2cc83ae7bc1
slug
مەرکەزی-یان-لامەرکەزی-e2cc83ae7bc1
url
https://medium.com/@nusar/%D9%85%DB%95%D8%B1%DA%A9%DB%95%D8%B2%DB%8C-%DB%8C%D8%A7%D9%86-%D9%84%D8%A7%D9%85%DB%95%D8%B1%DA%A9%DB%95%D8%B2%DB%8C-e2cc83ae7bc1
canonical_url
https://medium.com/@nusar/%D9%85%DB%95%D8%B1%DA%A9%DB%95%D8%B2%DB%8C-%DB%8C%D8%A7%D9%86-%D9%84%D8%A7%D9%85%DB%95%D8%B1%DA%A9%DB%95%D8%B2%DB%8C-e2cc83ae7bc1
author_url
https://medium.com/@nusar
status
ok
fetched_at
2026-07-29 03:27:06